ئەوهەڵەیەی کەگۆڕان کردی پارتی بۆی ڕاستکردەوە

پارتی وگۆڕان        

ئەو هەڵەیەی کەگۆڕان کردی پارتی بۆی ڕاستکردەوە!؟

پێش ئەوەی گۆڕان بچێتە ناودەسەڵاتەوە یاخود باشتر بڵێن بەرلەوەی بەشداری دەسەڵاتی پێبکرێت ، ڕایەک هەبوو پێێ وابو ئەوجۆرە بەشداری کردنە بەومیکانیزم وکەرەستەیە هەڵەیەکی گەورەیە و دەرئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێت ، بەڵام ئەوکات وئێستاش بەشی زۆری باڵی مەکتەب سیاسی کۆنی یەکێتی دەستڕۆیشتوی ناوگۆڕان  لەدژی ئەوئەرگۆمێنت وتێگەیەبون بۆ نەچونەدەسەڵات ، هەنوکەش پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەرکردنی گۆڕان لەدەسەڵات ودورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵەکەی گۆڕان لەسەرقاپێکی زێڕین بۆڕاستکردۆتەوە، وەلێ پێدەچێت گۆڕان  بەقاپی زێرناقایلبێت  وگەڕان بەدوای خۆڵ وخاشاکی لاپەسەندتر بێت .

ـ نەوەیەک هەیەباش لەیادیەتی کە  چۆن ٢٤ کاتژمێر پێش ٣١ی ئاب ی ١٩٩٦ تەنها نزیکەی ١٠ کیلۆمەترێک مابو بۆ سەرکەوتن و پێشوەچونی هێزەکانی یەکێتی بۆ سەری ڕەش وپیرمام، ئەوکات هەواڵەکانی شەر وەک ئێستا نەبو، بێسیمێک سەرچاوەی سەرەکی  هەواڵە خۆش ناخۆشەکانی شەڕ بو بۆ شەڕکەران ،پڕوپاگەندەیەکیش سەراپای هاوسەنەگییەکانی هێزی دەگۆڕی… لەوسەردەمەدا یەکێتی وەهای بۆدەچوکە بەکوتنی سەری رەش و گرتنی پیرمام ئیدی شەری ناوخۆ کۆتای دێت وپارتی هەتا هەتایە ناتوانێت بێ ئاشتی قبوڵکردن لەکوردستان دابنیشێت.

 بەرەبەیان لەهەمولایەکی هەولێر ئاگر باران دەستی پێکرد هێزێکی کەم نەبێت کەس ئامادەی بەرپەرچدانەوەو بەرگریکردنی نەبو، لەڕاستیشدا بۆ مێژوو : بۆ هاتەکان، شڵەژان وهەڵچونەکان هێندەئاڵۆزو بەناویەکداچوبوو، لەوەدەرچوبوو کەیەکێتی وهاوپەیمانەکانی بتوانن بەرپەرچی ئەوپەلاماردانە بدەنەوە. تائەوئاستەی هەرهەمان هێز… ئەوهێزەی کەخۆی ئامادەکردبوو بۆ چونە ناوسەری ڕەش ڕێگای بۆ کرایەوە هەولێری جێهێشت !؟. تەنانەت یەکێتی ژمارەیەکی بەرچاولە بەرپرس و کادیری لەهەولێرلێ بەجێ مابو بەهاوکاری ئەم وئەو توانیان لەهەولێر دەرباز بن .

ئەوکات کۆسرەت ڕەسول سەرۆکی  شەرعی حوکمەتی هەرێم بوو ،هەروەک چۆن سەرپرشتی شەڕەکانی میحوەری هەولێریشی دەکرد کەگەیشتە سلێمانی یەکێتی بڕیاری دا کۆسرەت ڕەسوڵ لەسلێمانی یەوە لەپاڵ سەرکردایەتی بەرەکانی جەنگ لەدژی پارتی کاروباری حوکمەتیش بەڕێبکات ،لەگەڵ هەموو دەرکەوتنێککیشی ڕزگارکردنی هەولێرو مژدەی گەڕانەوەبۆ هەولێر دەبەخشیەوە بەبڕوای زۆرێک ئەوەگەورەترین هەڵەبوو کەلەوساتەوەختەدا یەکێتی بڕیاری لەسەردرابێت .

لەئێستاشدا وەک ئەوەی مێژو خۆی دوبارە دەکاتەوە کەمتر لەحەفتەیەک بەرلەڕێگرتنی پارتی لەسەرۆکی پەرلەمان ولەسەرکارلابردنی وەزیرەکانی گۆڕان، زۆرێک لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان وخەڵکی  لایان وابوو کەهیچ کات وەک ئێستای پارتی بێهێز نییە وهیچی لەدەست نی یە بیکات بەرامبەر بەوفشارەزۆربۆهێنانەی کەبەهاوپەیمانی چوارلایەنەکە ناسراوە ، بەڵام نەوەیەک هەیە نەوەی ڕاپەڕین وشەڕی ناوخۆو ودوئیدارەی و نەشەرنەئاشتی یە ، لەئاست سوپرایزەکانی پارتی وسەرکرادایەتی پارتی بۆ چارەسەرکردنی بۆهاتەکان بۆچونی جیاوازی هەبوو ، ئەونەوەیە  باوەڕی وابوو کە پارتی بەپیشەی هەموکاتێکی کارێک دەکات کە لە چاوەڕوانی دانەبێت ، بەگەڕانەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ وهێنانی هێزی سەدام حوسین بۆ هەولێری پایتەخت کارێکی چاوەڕوان نەکراوبوو ، هەروەک چٶن ئێستا ڕێگری گرتن لەسەرۆکی پەرلەمان بۆ چونە ناوهەولێرو ئاگادارکردنی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ نەچونە سەرکار کارێکی چاوەڕواننەکراو بوو .

ڕەنگە خاڵی جیاواز لەم دوو مامەڵەکردنەی پارتی لەگەڵ بارودۆخەئاڵۆزو یەکلایەکەروەکان ئەوەبێت ئەوەی ساڵی ١٩٩٦ بەخۆێنی سەدان وهەزاران کەس تێپەڕیندراو بو بەدیفاکتۆ ئەوەی ئێستاش بەئارامی و کورد وەتەنی بێ شەڕوشۆر ، بێ تەق وتۆق ئەنجامدرا . لەزهنی کادیرانی یەکێتی هەتاماوەیەکی زۆریش ٣١ی ئاب بەخیانەتی نیشتیمانی ناوی دەرکردبوو ، دواجار هەرئەوانەی کە ٣١ی ئاب یان بەخیانەتی نیشتیمانی ناوبرد هەرئەوانیش بون لەسەرخوانی مێزی دانوستانەکان بڕیاریان داسزای هەرکادیرێکی یەکێتی بدەن کەبەتوندی هێرش دەکاتە سەرپارتی و ٣١ی ئاب بەخیانەت ناودەبات … تادواجار خیانەتی ٣١ی ئاب ڕێکەوتنی ستراتیجی لێکەوەتەوە.

ـ پێدەچێت ئەمڕۆ گۆڕان سەرۆکی پەرلەمان بەهەمان ئەوهەڵیەدا بەرێت کە پێشتر ویست وتێگەی یەکێتی هەیانبوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەهەڵپەساوەکان یاخود بۆ  وڕوبەڕوبونەوەی هەژمونی  پارتی… بەشێکی هەڵسوکەوت ومامەڵی گۆڕان بەوئاڕاستەیە دەڕوات کە دواجار ڕێکەوتنێک هاوشێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی لێبکەوێتەوە.

ـ گۆڕان دەیەوێت سەرۆکی پەرلەمان لەنوسینگەکەی  سلێمانیەوە ببێتەوە سەرۆکی پەرلەمان ، دەستەدەستە بەرپرس ونابەرپرس دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵات ، کەسایەتی کۆمەڵایەتی ، سەرۆک هۆزو خێڵ سەردانی نوسینەگەی سلێمانی دەکەن هەندێکیان بەناوی پشتگیری وهەندێک بۆ دڵنەوای و هاندان کەلەڕاستیدا ئەم جۆرە لە کارکردن هیچی لەوەجیاوازتر نییە کەکاتی خۆی کۆسرەت ڕەسوڵ بەفەرمانی یەکێتی کردی لەسلێمانی .ئەوەتانێ سەرۆکی پەرلەمان: دەڵێت دەبێت کۆتای بەداگیرکردنی هەولێر بهێنرێت.!؟

بەشێک لە باڵی کۆنەیەکێتیەکانی ناوگۆڕان ، چونکە هیچ رێگایەکی تریان تاقی نەکردۆتەوە  پێیان وایە باشترین کار کەدەیکەن لەبۆ بەرپەرچدانەوەی کارەنایاسایەکەی پارتی دیموکرات ئەوەیە کە د. یوسف لەنوسینگەی سلێمانی یەوە وەک سەرۆکی پەرلەمان کارابکەنەوە .

لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمان دەبێت لەناو باڵەخانەی پەرلەمان سەرۆک پەرلەمان بێت لەدەروەی ئەوێ مانایەک بۆ سەرۆک پەرلەمان نامینێت ، ڕەنگ بوو دەسکەوتی زیاتربێت  ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان لەماڵەوە دانیشێت تاوەکو لەناونوسینگەی سلێمانی پەرلەمان پێشوازی لەخەڵک بکات.

ـ ئەوشەوەی کە بەسەرۆکی پەرلەمان گوترا  بچۆرەوە بۆ هەولێر ، پێی نەگوترابو ئەگەر ڕێگریان لێکردی لەبەردەم بازگەکەی پردێ خێوەتێک هەڵبدەوە (پڕۆتێستی مەدەنی ڕابگەێنە )، نەخێر گۆڕان سەرۆک پەرلەمانەکەی تەنها بۆ ئەوەنارد بۆ هەولێر تا پارتی لەیەکەم بازگەی سنوری دەسەڵاتی خۆی بیگەڕێنێتەوە وبەهانەیەکیشی پێ بێت بۆ هەرڕوبەڕوبونەوەیەکی نەخوازراو ، مێدیایشی لێتێبگەێنین کە چۆن پارتی ڕێگا بەسەرۆکی شەرعی پەرلەمان نادات بچێتە هەولێڕ!؟ هاوکات جارێکی تر لەسلێمانی یەوە کاروباری سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێ بکرێت . ئەگەر نا ئەوهێزەزۆرەی کەپارتی لەپردێ داینابوو لەبۆ ڕێگرتن لەهاتنە ژورەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر هیچی لەوهێزە زیاتر وئازاتر نەبوو کە تورکیا جزیرەی پێ ئابڵوقەکردبوو!؟

ئەم دۆخە ئەگەر هەمان ئەقڵیەتی رابردوو سەرکردایەتی بکات بەتایبەت لەناو گۆڕان بەهەمان ئەودەردەدەچێت کە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ پارتی دەیکرد.

دەرئەنجامیش دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی دوو ئیدارەیی ،  نەشەڕ نەئاشتی ، دواتریش هەوڵەکان بۆیەکگرتنەوەی هەردو ئیدارەکە .

_ لەئێستادا گۆڕان پێویستی بەبیری نوێ وهێزی گەنجە بۆ روبەڕوبونەوەی پارتی ، ئەوەی کەئیستا دەگوزەرێت تەنها لەفۆڕمی دەرکەوتنی دا جیاوازی بەدیدەکەیت، دەنا هەرهەمان ئەقڵیەت وهەرهەمان تێگەیشتن هەیە بۆ بردنەوەی مانۆڕەسیاسییەکان . پارتی تەوەقوع وبەرچاورونی هەیە بۆ هەنگاوەکانی گۆران ولایەنەکانی تر  کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەوژمەکانی پارتی دەکەن ئەوهەڵەیەی کە لەڕابڕدودا گۆڕان کردی  پارتی ئیستا لەسەرقاپێکی زێڕین پێ داوەتەوە ، ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان و لەسەرکارلابردنی وەزیرەکانی گۆڕان هەلێکی گەورەیە ، پێویستە کەبەشێوازێکی تر لەگەڵ ئەوئەقڵیەتە مامەڵەبکەین کەئەم کارانەی لێ دەوەشێتەوە. بەکوردی وبەکورتی پارتی دەزانێت ئەوە بکات ئەی تۆ چی لەهەگبەکەتدایە !؟

سەرنج :

١ـ  لەسەروبەندی شەڕی ناخۆی نێوان یەکێتی وپارتی لەناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابڕدوو ڕوداوەنەخوازراوەکەی قەڵادزێ بە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆ دەزانرێت ، ئێستاش کەس نەی زانی شەڕی دووقاز لەقەڵادزێ چۆن بوەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ . لەئێستاشدا سوتانی بارەگای ناوچەی قەڵادزێ ولێکەوتنی سێ شەهید لەخۆپیشاندانەکان بەهۆکاری سەرەکی ئەوهەنگاوەدەزانرێت کەپارتی ناویەتی لەئاست هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی سیاسی گۆڕان وپارتی .

٢ـ پارتی دیموکراتی کوردستان بێ باکی خۆی لەئاست ئەوەنیشانداوە کەکامکار جێگەی قبوڵ وکام کارەجێگەی قبوڵکردن نییە ئەوبەمیتۆدێک کاردەکات کە یەکەم جار کارەکە ئەنجام دەدات دواتر تیۆریزەی دەکات نەک بەپێچەوانەوە.

٣ـ بەرلەوەی پارتی سەرۆکی پەرلەمان ووەزیرەکانی گۆڕان لەپەرلەمان وحوکمەت دوربخاتەوە ، جەماوەری گۆڕان لەبۆنەگەلێکی زۆردا داوای دەکرد کە وەزیرەکانی لەحوکمەتەی بنکە فروان بکشێنەوە ، بەڵام سەرکردایەتی گۆڕان گۆێێ بۆ ئەوداخوازییەی جەماوەرەکەی نەگرت .

٢٠١٥.١٠.١٩

لەم شوێنانە بڵاوکراوەتەوە

شار پرێس   ،  هاوڵاتی  ،  خەندان ،NRT  ، هاوپشتی

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *